هەرێم نیوز
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر ڕێگەی زاخۆ ـ دهۆک، پێنج قوتابیی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی 10ـی 2026، ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر ڕێگەی سەرەکیی زاخۆ ـ دهۆک، پێنج قوتابیی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، بریندارەکان دەستبەجێ بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە پارێزگای دهۆک کراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرجەم ڕێکارە پزیشکییە پێویستەکان بۆ بریندارەکان ئەنجام دراون و لە ئێستادا بارودۆخی تەندروستیی سەرجەم قوتابییەکان جێگیرە.