دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی هەستیاری کاتژمێر ٨ی ئەمشەو؛ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەبەردەم تاقیکردنەوەی بڕیارە نوێیەکەی دۆلاردا

هەرێم نیوز 

سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان و هەوڵی لایەنە پەرلەمانییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ڕاگەیاند کە نرخی نوێی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە ١٥٠٠ دینار جێگیر و چەسپاوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی «شەفەق نیوز»، پارێزگاری بانکی ناوەندی هۆشداریی داوە کە تەواوی خشتە، بڕگە و ژمارەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەسەر بنەمای نرخی ١٥٠٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک داڕێژراون، بۆیە هەر دەستکاری و گۆڕانکارییەک لەو نرخەدا دەبێتە هۆی تێکچوون و هەڵوەشانەوەی تەواوی هاوکێشە داراییەکانی بودجەی گشتی. ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو لیژنەی دارایی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەو دوو بەرپرسە باڵایە، دانیشتنە هاوبەشەکە هەڵوەشایەوە و تەنیا بە کۆبوونەوەی ناوخۆیی لیژنەکە کۆتایی هات، دوای ئەوەی پارێزگار لە ڕێگەی پەیامێکەوە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی پێڕاگەیاندبوون.
لە بەرامبەر ئەم گرژی و بنبەستەدا، سەرچاوە ئاگادارەکان لە بەغداوە ئاشکرایان کردووە کە بڕیارە کاتژمێر ٨ی ئەمشەو لە ناو هۆڵی دەستووریی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگ بەڕێوەبچێت. پێشبینی دەکرێت سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنە پەرلەمانتییەکان هاوشانی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بەشدار بن تا یەکلاکردنەوە بۆ لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە و دۆخی بودجە بکەن.
بانکی ناوەندی بە فەرمی نرخی نوێی دۆلاری بەم جۆرە دیاریکردووە:
 ١٥٠٠ دینار نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی.
 ١٥١٠ دینار نرخی فرۆشتنی بە بانکە حکومی و ئەهلییەکان.
 ١٥٢٠ دینار نرخی فەرمیی فرۆشتن بە هاووڵاتییان و لە بازاڕدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP