هەرێم نیوز
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا بە دواخستنی وەرگرتنی باج و ڕسووماتە گومرگییەکان لەسەر هاوردەکردنی هێلکە، مریشک و گۆشتی ئاژەڵی زیندوو، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕە ناوخۆییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی 10ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەلی فالح زەیدی ڕێنمایی داوە کە پرۆسەی وەرگرتنی باج و ڕسووماتە گومرگییەکانی سەر هێلکە، مریشک و گۆشتی ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو دابخرێت.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەم بڕیارە بەشداریکردنە لە سەقامگیریی بازاڕە ناوخۆییەکان و دابینکردنی ئەم ماددە خۆراکییە سەرەکییانە بە نرخێکی گونجاو، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی هاووڵاتییان بەردەست بن.
ئەم بڕیارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە کە بازاڕەکانی عێراق بە قۆناغێکی ناجێگیردا تێدەپەڕن.
تەنیا یەک ڕۆژ پێش ئێستا، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرز بکاتەوە و نرخی فرۆشتنی بە هاووڵاتییان بۆ ١٥٢٠ دینار جێگیر بکات.
ئەم گۆڕانکارییە لە نرخی دراودا، ترسی گەورەی لای هاووڵاتییان و هێزە سیاسییەکان (وەک حزبی دەعوە کە دوێنێ هۆشداریی دا) دروست کرد کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان.
بڕیارەکەی ئەمڕۆی عەلی زەیدی بۆ هەڵگرتنی باج لەسەر ئەم خۆراکە بنەڕەتییانە، هەوڵێکی خێرا و ڕاستەوخۆی حکومەتە بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گرانبوونی دۆلار و ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەڵاوسان، تاوەکو بارگرانیی زیاتر نەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان لە کڕینی پێداویستییە ڕۆژانەکانیاندا.