هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕی زیاتر لە ٨٣٥ ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول خرایە سەر هەژمارەکەیان و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاو بکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی 10ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوو بڕە پارەی لە کۆی تەمویلەکە بڕیوە یان نەیاردووە؛ یەکەمیان بڕی 120 ملیار دینارە کە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئەیلوول بڕدراوە. دووەمیشیان بڕی 4 ملیار و 961 ملیۆن دینارە کە تایبەت بووە بە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی و لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە.
ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان بەڵێنی دابوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە پارەکە ڕەوانە دەکەن، هۆکاری دواکەوتنەکەشی بۆ نەبوونی پارەی نەختینە (سیولە) گەڕاندبووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دوێنێ چوارشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، کە تێیدا هەولێر بە توندی داوا دەکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پێوەری "خەرجیی ڕاستەقینە" (الإنفاق الفعلي) جیابکرێتەوە بۆ ئەوەی چیتر دابەشکردنی مووچە ڕووبەڕووی دواکەوتن و لێبڕینی سیاسی نەبێتەوە، بەتایبەت کە بەغدا مانگانە بڕە پارەیەکی زۆر وەک داهاتی نانەوتی لە شایستەکانی هەرێم دەبڕێت.