هەرێم نیوز
ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی ٢ـی سلێمانی، حەوتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و ١١ ڕاگیراوەکەی ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار بەپێی ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنەکە بۆ کەیسەکە یەکلاکەرەوە بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی 10ـی 2026، دانا تەقیەددین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، بڕیارە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا سەرجەم ڕاگیراوەکان لە بەردەم دادگا ئامادە ببن و پێشبینی دەکرێت گوتەی کۆتایی لە لاهوور شێخ جەنگی وەربگیرێت.
وتەبێژی تیمەکە ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا دڵنیا نین ئایا دادگا بەڵگەی نوێ دەخاتەڕوو یان نا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بەڵگانەی تا ئێستا خراونەتە بەردەمیان "باوەڕپێکراو نین".
سەبارەت بە گرنگیی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، دانا تەقیەددین باسی لەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە یەکلاکەرەوە دەبێت، بەتایبەتی بۆ چارەنووسی بەشێک لە تۆمەتباران.
ڕوونیشی کردەوە کە دوو ئەگەر لە ئارادایە؛ یان ئەوەتا دوای وەرگرتنی دوا وتەیان بەشێک لە تۆمەتباران ئازاد دەکرێن و دۆسیەکەیان ئاراستەی دادوەر دەکرێت، یاخود ئەو سزایەی دەسەپێندرێت بەسەریاندا لەلایەن دادوەرەوە بۆیان ڕوون دەکرێتەوە.
ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک گرژییە سیاسی و ئەمنییەکان گەیشتنە لوتکە و هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر هۆتێلەکە لە شاری سلێمانی.
لەو گرژییانەدا، دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری بە بەکارهێنانی چەکی قورس لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی (بەرەی گەل)، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
ئەم ڕووداوەش بووە هۆی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە چەکدارەکانی، کە تاوەکو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندان.