هەرێم نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە قەبارەی هەناردەکردنی نەوت بە نزیکەی ٢.٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیر بووە، و مانگانەش لە نێوان ٤.٥ بۆ ٥ ملیار دۆلار داهات دەخاتە خەزێنەی گشتیی دەوڵەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی 10ـی 2026، سەلیم ڕوکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕۆژنامەی (سەباح)ـی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگەکانی پەیوەست بە بڕیارەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و قەیرانەکانی بازاڕی جیهانی، هەناردەی نەوتی عێراق بە جێگیری ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوچەکانی باشوور زۆرترین پشکیان هەیە بە بڕی نزیکەی ٢.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا هەناردەی ناوچەکانی باکوور (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) لە نێوان ٢٥٠ هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە.
ڕوکابی دووپاتی کردەوە کە داهاتی مانگانەی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی دیکەی وەک نەوتی ڕەش، لە نێوان ٤.٥ بۆ ٥ ملیار دۆلاردایە، ئەمەش ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بەهێزکردنی سەرچاوە گشتییەکانی بودجە.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەم ئاستەی هەناردەکردن، ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی وەزارەتەکەیە لە باشترکردنی توانای بارکردن و دەستەبەرکردنی پێگەکانی هەناردەکردندا.