هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراق بە نیازە لە ماوەیەکی نزیکدا ڕەشنووسی هەموارکراوی پڕۆژەیاسای «دەستەی حەشدی شەعبی» ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی دژایەتیی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئامادەنەبوونی لایەنە کوردستانی و سوننەکان بۆ دەنگدان لەسەری، پڕۆسەکە پەکخرابوو.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی «العربی الجدید»، ڕەشنووسە نوێیەکە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە کە لەلایەن بەرپرسانی دەستنیشانکراو لەلایەن سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی سەرپەرشتی کراوە، بە ئامانجی سڕینەوەی ئەو بڕگانەی کە پێشتر ناڕەزایەتی و تووڕەیی واشنتنیان لێکەوتبووەوە.
لە دیارترین ئەو گۆڕانکارییانە: کەمکردنەوەی دەسەڵاتی جووڵەی سەربازیی حەشدی شەعبی، دوورخستنەوەی هێزەکانی لە نێو شارەکان، و داڕشتنەوەی پێگەی دەستەکە بە شێوەیەک کە نەبێتە ڕکابەری سوپای عێراق لە ڕووی پڕچەککردن و پێکهاتەی سەربازییەوە؛ هەنگاوێک کە لەلایەن عەلی زەیدی و زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتیوانیی لێدەکرێت.
سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانە، کرۆکی پڕۆژەیاساکە بە تەواوی سەربەخۆیی دەداتە دەستەی حەشدی شەعبی وەک قەوارەیەکی ئەمنیی جیاواز لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، بە جۆرێک دەبێتە خاوەنی سەرۆکایەتیی ئەرکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە خۆی و ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە سەرۆکوەزیرانەوە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان. ئەم یاسا نوێیە، کە لە ١٨ ماددە پێکهاتووە و دۆخی نزیکەی ٧٠ گرووپی چەکدار ڕێکدەخاتەوە، جێگەی یاساکەی ساڵی ٢٠١٦ دەگرێتەوە کە لە سەردەمی شەڕی داعشدا پەسەند کرابوو.
ئەم جووڵە پەرلەمانییە لە کاتێکدایە کە واشنتن بە ئاشکرا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە؛ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو کە دەرکردنی یاسایەکی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی چەسپاندنی زیاتری هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر حیسابی سەروەریی عێراق.
لە بەرامبەردا، ئەحمەد خەزعەلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و گۆڕانکارییەکان سادەن و دەستکاریی ماف و بەرژەوەندیی چەکدارەکان ناکەن، و پەرلەمان سوورە لەسەر تێپەڕاندنی تا بتوانرێت چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون بۆ کارمەندانی دەستەکە دابڕێژرێت.