دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆتایی بە ئارامیی 80 ساڵە دێت»؛ ئەوروپا لەبەردەم مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا

هەرێم نیوز 

ئەوروپا لە لێواری تەقینەوەیەکی سەربازی؛ مانۆڕەکانی ناتۆ و بڕیارە مێژووییەکەی پووتین بۆ فراوانکردنی سوپا  

لە سایەی گرژییە ئەمنییە توندەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکەدا، مانۆڕە سەربازییە چڕەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە وڵاتانی هاوسنووری ڕووسیا بە بەردەوامی بەڕێوەدەچن، لە کاتێکدا مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا زاڵ بووە.  

دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، هۆشداریی لە ئەگەری مەترسییەکی ڕاستەقینە داوە سەبارەت بە دزەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) یان مووشەکی جۆراوجۆر بۆ نێو خاکی وڵاتانی باڵی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ و ئەگەری دروستکردنی وێرانکاری. ئەم نیگەرانییانە دوای چەندین ڕووداوی گوماناوی و گرژی دێن، لەوانە کەوتنەخوارەوەی درۆن لە نزیک فڕۆکەخانەی لایپزیگ لە ئەڵمانیا، بەزاندنی کایەی ئاسمانیی پۆڵەندا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیاوە، و هاویشتنی مووشەکی ڕووناکیکەرەوە لە لایەن کەشتییەکی جەنگیی ڕووسی بەرەو هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی دانیمارکی لە دەریای بەڵتیکدا.  

لە هەمان کاتدا، ڕۆبێرت فیکۆ سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی هەندێک لە سیا

سەتمەدارانی ڕۆژئاوا گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە دوای شکستی ستراتیژیی لاوازکردنی ڕووسیا لە ڕێگەی جەنگی ئۆکرانیاوە، ئێستا هەوڵ دەدرێت بە هەر جۆرێک بێت شەڕ لە نێوان ناتۆ و مۆسکۆ هەڵگیرسێنرێت.  

لە بەرامبەر ئەم ئامادەکاری و هۆشدارییانەی ڕۆژئاوادا، ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا بڕیارێکی چارەنووسسازی واژۆ کرد بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی سەربازانی سوپای ڕووسیا بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و ٤٤٠ هەزار سەرباز، کە یەک ملیۆن و ٥٥٠ هەزاریان لە خزمەتی کردەیی سەربازیدا دەبن. ئەم جموجۆڵە چڕە سەربازییانەی هەردوولا ئەوە دەسەلمێنن کە سەردەمی هێمنی و ئارامیی ٨٠ ساڵەی کیشوەری ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ڕەنگە بەرەو کۆتاییەکی مەترسیدار هەنگاو بنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP