ھەرێم نیوز
لە پەیامێکی کراوەدا لەژێر ناونیشانی «پەیامی هاووڵاتییەکی عێراقی بۆ ئەمریکا»، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، کۆمەڵێک پەیام و هۆشداریی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی واشنتن کرد سەبارەت بە سەروەریی عێراق و کێشە و ململانێ سەربازی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەدر لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە گەلی عێراق لە ڕابردوودا بەرهەڵستیی داگیرکاریی کردووە و لە داهاتووشدا بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە سەربەخۆیی و خاکی وڵاتەکەی دەکات.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە عێراقییەکان دوژمنایەتیی کەس ناکەن، بەڵام سەربەخۆیی نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. ناوبراو مەرجی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکاندا بەستەوە بەوەی کە مامەڵەی ئەمریکا لەسەر بنەمای دادپەروەری بێت و دوور بێت لە لووتبەرزی، باڵادەستی و دووبارەکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتکاری و دەستوەردان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو.
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بە تەواوی ڕەتیکردەوە کە خاکی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی نێوان واشنتن و نەیارەکانی و دووپاتیکردەوە کە خەڵکی عێراق پابەند نین بەوەی بە وەکالەت لە جیاتی هیچ وڵاتێک بچنە ناو جەنگەوە.
سەدر داوای لە واشنتن کرد دوای کشانەوەی هێزەکانی، وێنەی خۆی لە ناوچەکەدا چاک بکات لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتێکی میانڕەو و ڕاگرتنی پشتیوانیی ڕەها بۆ ئیسرائیل، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر هۆکاری ئەم هەموو گوشارە سەپاندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بێت لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوا ئەو هەوڵە بێئاکامە چونکە ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیر بووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر وەک «بەرگریکارێک لە سەردەمی داگیرکاری و هاووڵاتییەک دوای چوونە دەرەوەی هێزەکان» ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەکات کە لەبری هەڵگیرساندنی شەڕ و پشێوی، ڕۆڵی پارێزەری ئاشتی ببینن و هیواشی خواست کە گەلی ئەمریکا ببنە خاوەنی حکومەتێکی ئاشتیخواز؛ پەیامێک کە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەستیاریی گۆڕەپانی عێراق لە نێوان هاوکێشە هەرێمییەکاندا.