ھەرێم نیوز
عەباس مالیکی، ئەندامی فراکسیۆنی "دەوڵەتی یاسا" لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشداری دا لە لێکەوتە داراییە توندەکانی هەڵکشانی نرخی دۆلار لەسەر بژێویی ژیانی خەڵک و ڕایگەیاند کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بازاڕەوە، هاووڵاتییان ناچار بوون زیاتر لە ٢٠٪ی جیاوازی و زیانی بەهای مووچەکانیان لەئەستۆ بگرن.
ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ ناوەندی هەواڵی نیشتمانی (المركز الخبري الوطني) ئاشکرای کرد: "واژۆی ژمارەیەکی پێویست لە پەرلەمانتارانمان کۆکردووەتەوە بۆ سازدانی دانیشتنێکی نائاسایی لە پەرلەمان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی دۆلار و خستنەڕووی چارەسەرەکان."
مالیکی جەختی لەوەش کردەوە کە گۆڕانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکات، جا دەوڵەمەند بن یان هەژار، بەڵام قورسترین باجەکە مووچەخۆران و چینە کەمدەرامەتەکان دەیدەن بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هێزی کڕینی مووچەکانیان.