هەرێم نیوز
بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و شکاندنی بەهای دینار؛ بەغدا لە گیرفانی مووچەخۆرانەوە کورتهێنانی نەوت پڕدەکاتەوە
لە هەنگاوێکی کتوپڕ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، نرخی فرۆشتنی ١٠٠ دۆلاری بۆ بازرگانان و بانکە ئەهلییەکان بۆ ١٥٢ هەزار دینار بەرزکردەوە، کە ئەمەش گەورەترین دەستکاریکردنی بەهای دراوی نیشتمانییە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە و بووەتە هۆی دروستکردنی شۆکێکی دارایی قورس لە بازاڕەکاندا. بەپێی نرخە نوێیەکان، وەزارەتی دارایی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار دینار دەفرۆشێت و بە ١٥١ هەزار دیناریش دەیداتە بانکە حکومییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کاردانەوەی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە تا ئاستێک کە پەیجی فەرمیی وەزارەتی دارایی ناچار بووە تایبەتمەندیی کۆمێنت دابخات.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە بەپەلەیە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق بەهۆی گرژی و شەڕی ناوچەکە و ئێرانەوە دەگەڕێتەوە؛ بەهۆی نەبوونی گەرەنتیی دەرچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، عێراق نەوتەکەی لە بەندەرەکانی بەسرە بە ٣٠ دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشێت، حکومەتیش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، پەنای بۆ گرانکردنی دۆلار بردووە تا لە گۆڕینەوەی داهاتی نەوت بە دینار، کورتهێنانەکەی پڕبکاتەوە. لە ڕوونکردنەوە پەرلەمانییەکاندا هاتووە کە ئەم گۆڕانکارییە لە نرخی فەرمییەوە بۆ ١٥٢ هەزار دینار، نزیکەی ٢٠ تا ٢٢ ترلیۆن دینار بە کاش دەخاتە خەزێنەی دەوڵەتەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییەکان، هاوکات لەگەڵ پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی ١٦ ترلیۆن دیناری تر لە کەرتی پاڵاوتگە و فرۆشتنی نەوتدا، بەڵام ئەم ڕێکارانە ڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر گیرفانی هاووڵاتییان.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی توندی سیاسی و پەرلەمانیی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ د. موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارەکەی بە «هەڵەیەکی گەورە و زیانێکی قەرەبوونەکراو بۆ سەر بژێوی خەڵک» وەسف کرد و ڕایگەیاند کە دەبوو حکومەت لەبری شکاندنی بەهای دینار، ڕێگری لە تاڵانکردن و دزینی دەیان ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە لە کەرتەکانی نەوت، کارەبا و دەروازە سنوورییەکان بگرتایە، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ هەر هەوڵێکی پەرلەمانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دووپاتکردەوە. لە هەمان کاتدا د. هەیام یاسری، پەرلەمانتاری عێراق، هۆشداری دا کە بێدەنگبوونی خەڵک دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی قەیرانەکان لە دوای یەک.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ژووری بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی گرانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و نرخی سەرجەم کاڵاکان بە تێکڕا ١٢٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش مەترسیی داڕمانی هێزی کڕینی هاووڵاتییان و تەشەنەسەندنی هەڵاوسانی لە بازاڕدا زیاتر کردووە.