دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەنەوە زیاتر لە 200 هەزار کەس ئاوارە بوون

هەرێم نیوز

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە خێرا پەرەسەندنی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن و ئاشکرای دەکات کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گرووپی حووسییەکان و هێزەکانی حکومەت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی 10ـی 2026، ئیمی پۆپ، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە خێرایی پەرەسەندنی قەیرانەکە لە یەمەن جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی یەمەن لە 76 هەزار کەسەوە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا تۆمار کرابوو، بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 201,217 ئاوارە.

لە لێدوانەکەیدا، ئیمی پۆپ جەختی لە خراپیی دۆخی ئاوارەکان کردەوە و وتی: "خەڵک بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان ڕادەکەن و هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بچن، ئەوان لەمڕۆدا پێویستیان بە سەقفێک، خۆراک و ئاسایشە."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانیان لە مەیداندان بەڵام کێشەی نەبوونی پارەدارکردنیان هەیە، بۆیە داوای لە وڵاتان و لایەنە بەخشەرەکان کرد دەستبەجێ بێنە دەنگ چونکە هەر ڕۆژێک دواکەوتن دەبێتە هۆی لەدەستدانی گیانی خەڵک، دووپاتیشی کردەوە کە "نابێت یەمەن ببێتە قەیرانێکی لەبیرکراو."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP