دواین هەواڵ

جیهان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

مارکۆ ڕوبیۆ: ئێران کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووی هورمز لەدەستداوە

هەرێم نیوز

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی لەدەستداوە و جەختیشی کردەوە، ڕێگە نادرێت تاران چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت.

ئاسایشی گەرووی هورمز و نەوتی جیهانی
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "قبووڵ ناکرێت دەوڵەتێک ڕێڕەوێکی دەریاییی گرنگی جیهانی کۆنترۆڵ بکات و دەبێت سەرچاوە و ڕێگای هەمەجۆر بۆ دابینکردنی وزە هەبێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا گەرووی هورمز کراوەیە و بڕی ئەو نەوتەی لێیەوە هەناردە دەکرێت، بە تەواوی هاوشێوەی ئەو بڕەیە کە پێش داخستنی لێییەوە دەڕۆیشت، بەمەش ئێران کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووەکەدا لەدەستداوە.

دۆخی ئابووریی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر ئابووریی ئێران و گوتی: "ئابووریی ئێران لە لێواری گەیشتن بە ئاستێکی ترسناکدایە و لە دۆخێکدایە کە تەنیا کەمێک لە وڵاتانی جیهان ئەزموونیان کردووە."

ڕوویشی لە سەرکردایەتیی تاران کرد و ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارانەی لەلایەن سەرکردە ئایینییەکانەوە دەدرێن کە گەلی ئێرانیان دووچاری ئەم بارودۆخە کردووە.

لە کۆتاییدا ڕوبیۆ جەختی کردەوە، ناکرێت ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، چونکە چەندین دەرفەتی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕەخسا، بەڵام نەیتوانی سوودیان لێ وەربگرێت و شکستی هێنا.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP