دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەغداد ڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانی نەوت دەدۆزێتەوە

وەزیری نەوتی عێراق ڕەوینەوەی قەیرانەکە ڕادەگەیەنێت؛ هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن چڕ دەکرێنەوە

لە کاتێکدا کەرتی دارایی و ئابووریی عێراق بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە تەحەدای پاشەکشەی داهاتەکاندا تێپەڕ دەبێت، وەزارەتی نەوتی عێراق تیشک دەخاتە سەر سەرەتای دەربازبوون لە تەنگەژەکان و ئاشکرای دەکات کە دۆخە سەختەکەی ماوەی ڕابردوو بەرەو ڕەوینەوە هەنگاو دەنێت.

باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، لە میانی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی فراوانی «شانەی قەیران» کە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و ئاستی هەناردەکردن سازکرابوو، ڕایگەیاند کە عێراق قۆناغێکی زۆر نالەباری تێپەڕاندووە، بەڵام ئێستا نیشانەکانی کۆتاییهاتنی قەیرانەکە بەدیار کەوتوون، سەرەڕای ئەوەی هێشتا کۆسپ و ئاڵنگاری لە بەردەم ڕەوتی کارەکاندا ماونەتەوە.

وەزیری نەوت جەختی لەوە کردەوە کە هێز و گڕوتینی کەرتی وزە و نەوت سەرەکیترین سەرچاوەی هیوان بۆ دەربازکردنی وڵات لەم تەنگژە ئابوورییە و داوای لە سەرجەم دامەزراوەکانی وەزارەت کرد کە بە گیانی یەک تیم کار بکەن. هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە پلانێکی پتەو لە ئارادایە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردن لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و بووژاندنەوەی خەزێنەی دەوڵەت، بەو پێیەی وەزارەتی نەوت وەک شادەماری سەرەکی و بڕبڕەی پشتی ژێرخانی ئابووریی عێراق دەمێنێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP