دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

سەختترین مانگ بۆ ڕووسیا؛ ڕۆژانە ١٥٠٠ سەرباز لەبەرەکانی جەنگ گیان لەدەست دەدەن

هەرێم نیوز

مۆسکۆ لەبەردەم سەختترین قۆناغی جەنگدا؛ کەمیی سەرباز و تاکتیکە نوێیەکانی ئۆکرانیا سوپای ڕووسیا شەکەت دەکەن داتاکانی هەواڵگری ئاماژە بەوە دەکەن کە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٦ وەک یەکێک لە هەستیارترین و مەترسیدارترین وەرچەرخانە ستراتیژییەکان بۆ مۆسکۆ لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا هەژمار دەکرێت.

ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە درزێکی بێوێنە کەوتووەتە نێوان ئاستی زیانە مرۆییەکان و توانای ناونوسین و پڕکردنەوەی ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا.

بەپێی زانیارییەکان، سوپای ڕووسیا ڕۆژانە نزیکەی ١٥٠٠ سەربازی لەدەستدەدات، بە جۆرێک تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیانە مرۆییەکانی گەیشتووەتە ٨٩ هەزار جەنگاوەر لە نێوان کوژراو و برینداردا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵمەتەکانی ناونووسینی سەربازی تەنیا توانیویانە ٢٢٪ـی ئەو ژمارەیە پڕبکەنەوە کە سوپا لە ساڵانەدا ئامانجی بووە.

ئەم پاشەکشە گەورەیە هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی تاکتیکە سەربازییە نوێیەکانی ئۆکرانیا لە مەیدانی جەنگدا، بەتایبەت بەکارهێنانی چڕ و بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، کە کاریگەری و کارایی هێرشە گەورە و بەکۆمەڵەکانی سوپای ڕووسیای کەمکردووەتەوە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە نەتوانینی مۆسکۆ لە قەرەبووکردنەوەی ئەم زیانە زۆرانە، هەڕەشە لە بەردەوامیی هێڵە بەرگرییە درێژەکانی هێزەکانی دەکات لە بەرامبەر هەر فشارێکی سەربازیی چڕدا.

لە ئەنجامدا، ڕەنگە دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ ناچار بن پەنا بۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە و قورسی وەک «سەربازگرتنی زۆرەملێ» بۆ گەنجانی ڕووس ببەن؛ هەنگاوێک کە دەکرێت ئابووریی ڕووسیا ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار و شەکەتبوونێکی قووڵی دارایی و مرۆیی بکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP