دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمی لە نێوان ڕووسیا و ئەوروپادا؛ فڕۆکە جەنگییەکانی هۆڵەندا دەخرێنە ئامادەباشییەوە

هەرێم نیوز

گرژییە سەربازییەکان لە کیشوەری ئەوروپا، پێشبڕکێی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی لە نێوان ڕووسیا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گەڕاوەتەوە پێشەوەی ڕووداوەکان، و هەردوولا لە ڕێگەی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوکاتەوە ئاستی ئامادەباشیی هێزە ئەتۆمییەکانیان تاقی دەکەنەوە. 

لە لایەکەوە، ناتۆ مانۆڕی ساڵانەی خۆی بە ناوی «ستێدفاست نوون» (Steadfast Noon) دەستپێکرد، کە تێیدا فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی لە جۆری F-35 بەشدارییان تێدا کرد بە مەبەستی تاقیکردنەوەی سیستەمی چەکی ئەتۆمیی هاوپەیمانییەکە.

ئەم مانۆڕە کە زیاتر لە ٧٠ فڕۆکەی جەنگی لە ١٤ دەوڵەت و نزیکەی دوو هەزار سەرباز لەخۆدەگرێت، هاوکاتە لەگەڵ چەندین پێشێلکاریی ئاسمانیی درۆنە ڕووسییەکان بۆ سەر سنورەکانی ناتۆ، و بەرپرسانی هاوپەیمانییەکەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجیان تەنیا نمایشی هێز نییە، بەڵکو پراکتیزەکردنی ئەرکە ڕاستەقینەکانە لە مەیداندا. 

لە بەرامبەردا، مۆسکۆ بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین دەستی بە مانۆڕی بەڕێوەبردنی هێزە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی کرد.

ئەم مانۆڕانەی ڕووسیا هەڵدانی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕیان لە ژێردەریاییەکی جێگیر لە دەریای بارێنتس لە نزیک سنوورەکانی ڕۆژئاوا لەخۆگرتبوو، جگە لە هەڵدانی مووشەکی تاقیکاری لە بنکەیەکی ئاسمانی لە باکووری وڵات و بەکارهێنانی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکان. ئەم هەنگاوەی ڕووسیا هاوکاتە لەگەڵ بەستەڵەکی دانوستانەکانی ئۆکرانیا دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دواخستنی گفتوگۆکانی ئاشتیی لەگەڵ پوتین دا. 

شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە ئەم مانۆڕە دژبەیەکانە دۆخی ئەمنیی ئەوروپا دەخەنە لێواری مەترسی و دڵەڕاوکێیەکی توندەوە، لە کاتێکدا کێبڕکێی چەکی ئەتۆمی بەرەو ئاڕاستەیەکی نادیار هەنگاو دەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP