هەرێم نیوز
وەزیرانی گەنجینە و بەرگریی ئەمریکا ڕایدەگەیەنن کە ئابلووقەکانی سەر ئێران توندتر کراون، بە جۆرێک ئەم هەفتەیە تاران هیچ شحنەیەکی نەوتی هەناردە نەکردووە و بێ داهات ماوەتەوە، هاوکات جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئاسمانی گەرووی هورمزیان بەدەستەوەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی 10ـی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە و تەنیا لەم هەفتەیەدا ئەو وڵاتە نەیتوانیوە هیچ شحنەیەکی نەوت هەناردە بکات، بەوەش هیچ داهاتێکی دارایی دەستنەکەوتووە.
لە لایەکی دیکەوە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئێستادا بەراورد بە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، بڕێکی زیاتری نەوت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.
هێگسێت هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان کۆنترۆڵی تەواوەتیی حەرەمی ئاسمانیی گەرووەکەیان گرتووەتە دەست و پارێزگاری لە جموجووڵی کەشتییە بازرگانییەکان و سەلامەتیی ڕێڕەوەکە دەکەن.