دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ململانێی بەهاکان لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا؛ ئایا جیهان دەتوانێت لەسەر یەک دەستووری ئەخلاقی ڕێکبکەوێت؟

هەرێم نیوز

پیاوانی ئایین، فەیلەسوفەکان و پەرەپێدەرانی زیرەکیی دەستکرد لەسەر یەک مێز؛ کێ ئەخلاقی ئامێرەکان دیاری دەکات؟ 

لە هەنگاوێکی کەمهاوتادا، پیاوانی ئایینی لە ئایینە جیاوازەکان، فەیلەسوف و پسپۆڕانی بواری ئەخلاق لەگەڵ گەشەپێدەرانی زیرەکیی دەستکرد کۆبوونەوە، نەک بۆ تاوتوێکردنی توانستە تەکنیکییەکانی ئامێرەکان، بەڵکو بۆ دیاریکردنی بەها، ڕەوشت و شێوازی هەڵسوکەوتی ئەو سیستەمانە لەگەڵ بەکارهێنەراندا. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کاتێک ئامێرێک گفتوگۆ لەگەڵ ملیۆنان مرۆڤی خاوەن بیروباوەڕ و کلتووری جیاواز دەکات، کێ ڕەوشت و سنوورەکانی بۆ دیاری دەکات؟ 

کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic) لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ بەڵگەنامەیەکی بە ناوی «دەستووری کڵۆد» بڵاوکردەوە، کە تێیدا ڕیزبەندیی لەپێشینەی ڕەفتارەکانی مۆدێلەکەی دیاری کردووە: لە پلەی یەکەمدا «سەلامەتی»، دواتر «ئەخلاق و بەها»، پاشان «ڕێنماییەکانی کۆمپانیا» و لە کۆتاییشدا «هاوکاریکردنی بەکارهێنەر».

بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی بەهاکان جێی مشتومڕە، کۆمپانیاکە بازنەی گفتوگۆکانی فراوان کردووە و گوێ لە دیدگای ئایینەکان، فەلسەفە و کولتوورە جیاوازەکان دەگرێت بۆ تێگەیشتن لە چەمکی چاکە و خراپە. 

سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، دەسەڵاتی کۆتایی بڕیاردان لە دەستی ئەنترۆپیک خۆیدا دەمێنێتەوە بۆ داڕشتنی دەستوورەکە. هاوکات مشتومڕەکان دوای ئەوە زیاتر قووڵ بوونەوە کە کۆمپانیاکە هێشتا یەکلایی نەکردووەتەوە ئایا کڵۆد دەگاتە ئاستی «هۆشیاری» یاخود نا. ئەمەش نیگەرانیی لای بەرپرسانی تەکنەلۆژیا دروستکردووە، لەوانە سەرۆکی بەشی زیرەکیی دەستکرد لە مایکرۆسۆفت، کە هۆشداری دا فێرکردنی ئامێرەکان لەسەر تێفکرین لە هۆشیاری و پێگەی ئەخلاقیی خۆیان، ڕەنگە لە ئایندەدا کۆنترۆڵکردن یان ڕاگرتنیان زۆر ئەستەم بکات.

لە کۆتاییدا ئاڵنگارییە گەورەکە فێرکردنی ئامێرەکە نییە، بەڵکو ڕێککەوتنی مرۆڤایەتییە لەسەر پێوەرێکی هاوبەشی ئەخلاقی کە لەگەڵ هەموو کلتوور و باوەڕەکاندا بگونجێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP