هەرێم نیوز
وتەبێژی سەربازیی هێزەکانی حووسی (ئەنساروڵڵا)ی یەمەن ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی چەندین مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ڕیاز و ناوچەی خورەیس، و هۆشداریش دەدات کە لێدانی دامەزراوە نەوتییەکان بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی 10ـی 2026، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە، هێزەکانیان دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی جیاوازیان لە قووڵایی خاکی عەرەبستانی سعوودیە ئەنجام داوە.
لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا، کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە ڕیازی پایتەخت کراوەتە ئامانج، و لە دووەمیشدا دامەزراوەکانی هەمان کۆمپانیا لە ناوچەی نەوتیی خورەیس پێکراون.
سەریع جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لەو شوێنانە.
بە وتەی سەریع، ئەم ئۆپەراسیۆنانە دوای ئەوە دێن کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، تەنیا لە ماوەی ١٢ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٠ هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر سەنعا، جەوف، تەعز، عەمران، حەجە و سەعدە ئەنجام داوە.
بەمەش کۆی گشتیی بۆردوومانەکان لە دەستپێکی گرژییە نوێیەکانەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٦٠ هێرشی ئاسمانی.
وتەبێژەکەی حووسییەکان هۆشداریی دا کە مووشەک و درۆنەکانیان توانیویانە بەربەستی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕۆژئاوایی ببڕن، و ڕایگەیاند: "لە لێدانی بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی دەستدرێژی و گەمارۆی سەر وڵاتەکەمان کۆتایی دێت، و هاوکێشەی گەمارۆ لە بەرامبەر گەمارۆ و پەرەسەندن لە بەرامبەر پەرەسەندن دەچەسپێنین."