دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراقچی: ئەمریکا هەم لە شەڕ و هەم لە دیپلۆماسییەتدا دۆڕاوە

هەرێم نیوز

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ چارەسەرێکی سەربازی یان سەپاندنی سزای زیاتر بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان تاران و واشنتن بوونی نییە، و هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ئەمریکا پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات، وڵاتەکەی لە جاران زیاتر ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی 10ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆز و دیپلۆماتکارە بیانییەکانی نیشتەجێی تاران ڕایگەیاند، سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا هیچ سوودێکیان نییە و پێشی وایە کە واشنتن پێشتر "هەم لە شەڕ و هەم لە دیپلۆماسییەتدا دۆڕاوە".

عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "تەنیا چارەسەرێکی دانوستان لەسەرکراو، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، ئینساف، و چارەسەرێکی شکۆمەندانە و دیپلۆماسییانە بێت دەتوانێت وەڵامدەرەوە بێت و چارەسەری کۆتایی بۆ ئەم شەڕ و دەستدرێژییە نایاسایی و ناڕەوایە بدۆزێتەوە کە دژی ئێران دەستی پێکردووە." 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان وتی: "هیوادارین ئەمریکا ڕێگای ژیری و عەقڵانییەت بگرێتە بەر، بەڵام ئەگەر دووبارە بەرەو بژاردە سەربازییەکان هەنگاو بنێن، ئێمە لە جاران زیاتر ئامادەین و بۆ بەرگریکردن لە خۆمان هەر هەنگاوێک پێویست بێت دەیگرینە بەر."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP