هەرێم نیوز
رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن کە لەلایەن سعوودیەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی ڕاگەیاند بە مەبەستی ڕزگارکردنی سەرجەم ناوچەکانی یەمەن لە دەستی گرووپی حووسییەکان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی 10ـی 2026، رەشاد عەلیمی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە جەنگ نین دژی خەڵکی سەنعا یان سەعدە، بەڵکو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی بە "میلیشیا تیرۆریستییەکانی حووسی" ناوی بردووە.
ناوبراو داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کرد کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندا ماون، هاوکاریی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بکەن، و بەڵێنی دا کە هەر شارێک کۆنترۆڵ بکرێتەوە دەچێتە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەوە.
لە درێژەی وتارەکەیدا، عەلیمی گەرەنتیی گەڕانەوەی سەلامەت و لێبووردنی گشتیی دا بە هەموو ئەو چەکدارانەی حووسییەکان کە چەکەکانیان دادەنێن و خۆیان ڕادەست دەکەن.
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست کرد پشتگیریی وڵاتەکەی بکەن، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان "بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهان" ڕێڕەوە ئاوییەکان دەپارێزین، و بۆ بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنەش سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەبن.