دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای کشانەوەی هاوپەیمانان.. ئیسرائیل خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوخۆی عێراق ئامادە دەکات

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم ئیسرائیلی لابردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و وەشاندنی گورز لەناو خاکی عێراقدا، و لە ئێستاشدا سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵ ئامادە دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی 10ـی 2026، ڕۆژنامەی (JFeed)ـی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە سیناریۆکانی دوای کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بڵاویکردەوە، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕابردوودا کۆتوبەندی بەسەر گورزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا سەپاندبوو، ئەوەش لە ترسی بەرکەوتنی هێزە بیانییەکان لە عێراق بە هێرشەکانی ئیسرائیل.

 بەڵام بە کۆتاییهاتنی ئەو ئەرکە، دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ "گۆڕانکارییەکی قووڵ" لە چەمکی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شانۆ نوێیەی ئۆپەراسیۆنەکاندا و هەڵسەنگاندن بۆ سروشتی ئەو هێرشانە دەکات کە دەکرێت دژی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەناو عێراقدا ئەنجامیان بدات.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئیسرائیل عێراق وەک بەشێک لە ڕێڕەوێکی هەرێمی دەبینێت کە لە ئێرانەوە بۆ عێراق و سووریا درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە لوبنان، و پێی وایە ئەم ڕێگایە بۆ گواستنەوەی چەک، تەکنەلۆژیای سەربازی و چەکدار بەکاردەهێنرێت. 

بۆیە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی "هەڵمەتی نێوان جەنگەکان"، ئیسرائیل سەرنجی خستووەتە سەر بەئامانجگرتنی ئەو کاروان و کەلوپەلە سەربازییانەی لە عێراقەوە بەرەو سووریا دەڕۆن. 

ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە کە بەهۆی فراوانیی ڕووبەری عێراقەوە، پێویستە ئیسرائیل بازنەی کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگری و تەکنەلۆژییەکانی فراوانتر بکات بۆ دەستنیشانکردنی پێگە و جوڵەی گرووپە چەکدارەکان.

 لە کۆتاییشدا جەختی کردووەتەوە کە کشانەوەی ئەمریکا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو دوایین بەربەستی کارکردنی لە ناوچەکەدا لابردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP