هەرێم نیوز
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوون و دیاریکراوە؛ گەرووی هورمز ناکرێتەوە تا ئەو حەوت مەرجەیان لەسەر بنەمای یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد جێبەجێ نەکرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت واشنتۆن بزانێت کە سەردەمی کاتکوشتن و سەپاندنی داواکاریی یەکلایەنە کۆتایی هاتووە.
پێشنیازەکانی ئەمریکا و داواکارییەکانی تاران
قالیباف لەمیانی وتەیەکدا کە ئاژانسی "فارس" بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند: "نائومێدی و هەستکردن بە بێدەسەڵاتی تەنیا لە زایۆنییەکاندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو ئەمریکییەکانیش لە بەرامبەر خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلی ئێران بێهیوا بوون."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت، هەرچەندە ئەمریکییەکان بە ئاشکرا بانگەشەی پێچەوانە دەکەن، بەڵام لەم دواییانەدا لە ڕێگەی ناوەندەکانەوە پێشنیازیان خستووەتە ڕوو، بەڵام دەبێت لەوە تێبگەن کە کات کوشتن و دیکتاتۆریی داخوازییە یەکلایەنەکان تێپەڕیوە و مەرجەکانی ئێران بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ڕوونن.