دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەکسیۆس: واشنتن دوو بەرپرسی ئێرانی لە ئەمریکا دەرکرد دوای ئەوەی فەرمانی چوونەدەرەوەیان پشتگوێ خستبوو

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی هەواڵیی (ئەکسیۆس) ئاشکرای دەکات، ئەمریکا دوو ئەندامی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکی وڵاتەکەی دەرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی فەرمانی پێشوەختەی واشنتنیان بۆ جێهێشتنی ئەمریکا پشتگوێ خستبوو.

شەممە، 3ـی 10ـی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەو دوو بەرپرسەی ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوون، دوای تەواوبوونی کارەکانیان و سەرەڕای فەرمانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ جێهێشتنی وڵاتەکە، هێشتا لە نیویۆرک مابوونەوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی "ڕژدی و پێداگریی" مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەو دوو کەسە ناچار کراون وڵاتەکە جێبهێڵن. 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕۆژی هەینی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە دەزانن ئەو دوو کەسە هێشتا لە نیویۆرکن، بەهۆی ئەو فشارەشەوە یەکێکیان شەوی هەینی و ئەوی دیکەشیان بەیانیی ئەمڕۆ شەممە خاکی ئەمریکایان جێهێشتووە.

ئەم ڕووداوە درێژکراوەی ئەو گرژییە دیپلۆماسییەیە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕوویدا، کاتێک بەهۆی چەقبەستنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر پرسی ئاگربەست و کەمکردنەوەی گرژییەکان، مارکۆ ڕۆبیۆ فەرمانی دا بە شاندی ئێرانی کە بەپەلە خاکی ئەمریکا جێبهێڵن. 

هەرچەندە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەشێکی زۆری شاندەکە کاتژمێر ١:٢٠ـی خولەکی بەرەبەیانی سێشەممەی ڕابردوو نیویۆرکیان بەرەو دەوحە جێهێشت، بەڵام مانەوەی ئەم دوو بەرپرسە تا کۆتایی هەفتە، وایکردووە ئەمریکا ڕێکاری توندتر بگرێتە بەر بۆ دەرکردنیان. 

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ توندتربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP