هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نوێی گوشاری ئابووریدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەپاندنی سزای بەرفراوانی بەسەر کەرتەکانی هێڵی ئاسن، دروستکردنی ئۆتۆمبێل و پیشەسازیی کانزاکان لە ئێران ڕاگەیاند. سزاکان چەندین تۆڕی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەورووپا دەگرێتەوە کە هاوکاریی تاران بوون بۆ دەربازبوون لە سزاکان و بەدەستهێنانی داهات.
ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری
هەینی، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، تۆمی پیگۆت، گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە واشنتن لە ڕێگەی "ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری" گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران چڕتر دەکاتەوە. لەم هەنگاوە نوێیەدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کەرتەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و هێڵی ئاسنینی ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانەوە، ئەمەش ڕێگە بە واشنتن دەدات ڕێکاری توند بەرامبەر هەر قەوارە، کۆمپانیا یان کەسێک بگرێتە بەر کە لەو بوارانەدا کار بکات.
بەئامانجگرتنی تۆڕە نێودەوڵەتییەکان
گوتبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕوونی کردەوە، سزاکان ئەو تۆڕانەی کردووەتە ئامانج کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەورووپاوە کار دەکەن و یارمەتیی پیشەسازییەکانی شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێل و کانزاکانی ئێران دەدەن بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان.
بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستەوەستان ناوەستێت لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران بنکەی پیشەسازیی وڵاتەکەیان، لەوانەش کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسنینی سەر بە دەوڵەت و کارگەکانی ئۆتۆمبێل و بەرهەمهێنانی پۆڵا، بۆ دابینکردنی دارایی ئەو ڕژێمە بەکاردەهێنن کە ناسەقامگیری و تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا بڵاودەکاتەوە."
دەسەڵاتە بەرفراوانەکانی فەرمانگەی OFAC و هۆشداری بە کۆمپانیا بیانییەکان
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕێگەی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەتوسامانی بیانی (OFAC) و بەپێی فەرمانە سەرۆکایەتییەکان، دەسەڵاتی فراوانی پێدراوە بۆ سزادانی هەر لایەنێک کە بەشدار بێت لە چالاکییەکانی کەرتی ئۆتۆمبێل، هێڵی ئاسن، پۆڵا و کانزاکانی ئێراندا. هاوکات واشنتن هۆشداری داوەتە سەرجەم حکوومەت و کۆمپانیا بیانییەکان کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەرتانە مەترسیی یاسایی و سزای قورسی دارایی بەدوادا دێت.