هەرێم نیوز
باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە "ڕۆژی سەروەری"ـدا بڕیارێکی بەپەلە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بدات، و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر گەشتە ئاسمانییەکان، هاتوچۆی زیارەتکاران و نەخۆشانی پەکخستووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی 10ـی 2026، باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی قووڵ و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئەو کۆتوبەندانەی لەم دواییانەدا خراونەتە سەر گەشتە ئاسمانییەکان، بوونەتە هۆی پەکخستن و تێکدانی هاتوچۆی زیارەتکاران، ئەکادیمییەکان و نەخۆشان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە درێژەی پەیامەکەیدا، باڵیۆزخانەی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی سەربەخۆی عێراق بەبۆنەی "ڕۆژی سەروەری"ـیەوە، بڕیارێکی دەستبەجێ و خێرا بدات بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پەیوەندییە مێژووییە، ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی بە "هاندان و لێکەوتەی سزاکانی ئەمریکا" ناوی بردووە.