هەرێم نیوز
لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا لە مێژووی میدیای ئەمریکادا، سەرجەم تۆڕە تەلەفزیۆنییە سەرەکییەکان بە "فۆکس نیوز"یشەوە ڕایانگەیاند، ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی دۆناڵد ترەمپ دەوەستێنن، لەنێویاندا گەشتەکەی بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمڕۆ دوو شەمە 21ـی 9ـی 2026، بڕیاری هاوبەشی میدیا ئەمریکییەکان دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دابوو ڕێگری لە پەیامنێرانی کەناڵەکانی (CNN)، (MSNOW) و ماڵپەڕی (Politico) بکات بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی، ئەوەش کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.
تۆڕە تەلەفزیۆنییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، بڕیاری وەستاندنی ڕووماڵەکان وەک هاوپشتییەکە لەگەڵ کەناڵی (CNN) و ئەو دامەزراوانەی ڕێگرییان لێ کراوە، چونکە بێدەنگبوون لەم هەنگاوە دەرگا بۆ پەراوێزخستنی میدیاکانی دیکەش دەکاتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم هەڵوێستە بە کۆدەنگییەکی دەگمەنی میدیاکانی ئەمریکا دادەنرێت لە دژی هەوڵەکانی کۆشکی سپی بۆ سنووردارکردنی ڕۆژنامەنووسان، بە جۆرێک بایکۆتەکە باڵادەستیی ترەمپی بەسەر گوتار و وێنەی میدیاییدا سنووردار کردووە و کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی دروست کردووە.