دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراقچی: کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا خۆی لە کۆتوبەندەکانی لۆبیی ئیسرائیل ڕزگار بکات

هەرێم نیوز

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە لۆبیی ئیسرائیل ڕۆڵ و هەژموونی خۆی لە سیاسەتی ئەمریکادا ئاشکرا کردووە، و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە واشنتن خۆی لەو کۆتوبەندانە ڕزگار بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی 9ـی 2026، وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی لە پەیامێکدا کاردانەوەی بەرامبەر بە بابەتێکی ڕۆژنامەی (ئیسرائیل هیوم) نیشان داوە. 

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کە لۆبیی ئیسرائیل ئیتر سڵ لەوەناکاتەوە کە ڕۆڵ و هەژموونی خۆی لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران ئاشکرا بکات. 

لای خۆیەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەم پەیامە گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمیی تاران دەکات بەرامبەر بە دەستوەردانەکان لە بڕیارەکانی واشنتندا.

لە درێژەی پەیامەکەیدا، عێراقچی ڕوونیکردووەتەوە کە لەو بڵاوکراوەیەی کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (میریام ئادلسۆن) و وەک زمانحاڵی ئەو لۆبییە کار دەکات، بە ڕاشکاوی باس لەوە کراوە کە دەبێت سیاسەتی ئەمریکا بە جۆرێک بێت، بەرامبەر بە هەر هێرشێک یان بێڕێزییەک بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئەمریکاش باجەکەی بدات.

 لە کۆتاییشدا وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کاتی ئەوە هاتووە واشنتن خۆی لەو زنجیر و کۆتوبەندانە ڕزگار بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP