هەرێم نیوز
ڕاگەیاندنی دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەرکەوتنی تەنێکەوە بە کەشتییەک لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا، دوو کارمەندی تیمی کەشتییەکە بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی 9ـی 2026، ڕاگەیاندنی دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە ڕایگەیاند، برینی ئەو دوو کارمەندە سووکە و کەشتییەکە گەشتەکەی بەرەو بەندەری داهاتوو دەستپێکردووەتەوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تا کاتی دەرکردنی ئەم هۆشدارییە هیچ کاریگەرییەکی ژینگەیی تۆمار نەکراوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکردن لە ڕووداوەکە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەی ناوبراو داوای لە سەرجەم کەشتییەکان کرد کە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا زۆر وریابن و هەر جووڵەیەکی گوماناوی ڕابگەیەنن، ئەمەش بەبێ ئەوەی ناسنامەی کەشتییە بەئامانجگیراوەکە یان ئەو لایەنە ئاشکرا بکات کە بەرپرسیارە لە هێرشەکە.