هەرێم نیوز
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاکێجێکی نوێی سزاکانی بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند، کە بەپێی سزاکان لە ڕۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە کار دەکەون و گەشتەکانیان تەنها بۆ ناوخۆ کورت دەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی 9ـی 2026، کەناڵی ئەلجەزیرە لە زاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، کە پاکێجێکی نوێ و توندی سزاکان بۆ سەر تاران ڕاگەیەندراوە. بەپێی بڕیارەکە، لە بەرواری 23ـی ئەیلوولی ئەمساڵەوە (واتە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا)، تەواوی هێڵە ئاسمانییەکان و کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران گەشتە دەرەکییەکانیان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕادەگیرێت و مامەڵەکانیان تەنها لە ناوخۆی ئێراندا کورت دەبێتەوە.
لە درێژەی زانیارییەکاندا هاتووە، کە پێویستە تەواوی وڵاتانی جیهان پابەندی ئەم سزایانە بن و ڕێگری بکەن لە گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانیان.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەریەک لە عێراق و چینیش دەبێت پابەندی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بن.
سزاکان خۆیان لە قەدەغەکردنی نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان، پڕکردنەوەی سووتەمەنی، و فرۆشتنی بلیت دەبیننەوە، کە ئەمەش وەک قورسترین ئاستی توندکردنەوەی سزاکان بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران هەژمار دەکرێت.
کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران ساڵانێکی زۆرە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەدەست کێشەی نەبوونی پارچەی یەدەگ و نوێنەکردنەوەی کەشتیگەلە ئاسمانییەکەیەوە دەناڵێنێت.