دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی وەزارەتی نەوت: عێراق ڕۆژانە 2.6 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات

هەرێم نیوز

سەلیم ڕکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی وڵاتەکەی دەگاتە 2.6 ملیۆن بەرمیل، و پرۆسەی هەناردەکردنیش لە ڕێگەی دەروازەکانی باشوورەوە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی گەرووی هورمزەوە ڕووبەڕووی چەند ئاڵەنگارییەک دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی 9ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، سەلیم ڕکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تێکڕای هەناردەی نەوت لە دەروازەکانی باشوورەوە نزیکەی 2.4 ملیۆن بەرمیل و لە ڕێگەی باکووریشەوە نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، گرێبەست کراوە بۆ دابینکردنی بڕێک لە بەنزینی کوالێتی بەرز و گازوایل بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و بەهێزکردنی یەدەگی ستراتیژیی وڵات، کە بڕەکەی لە نێوان چوار بۆ پێنج هەزار مەتر سێجای ڕۆژانەدایە و بەپێی قەبارەی بارە هاوردەکراوەکان دیاری دەکرێت.

لە درێژەی لێدوانەکانیدا، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئەوەشی خستەڕوو کە پاڵاوگەکان بە تەواوی توانای خۆیانەوە کار دەکەن و پلان هەیە بۆ پەرەپێدانی پاڵاوگە نیشتمانییەکان، لەوانەش پاڵاوگەکانی دیوانیە و میسان.

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتیش، ڕوونیکردەوە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتەکەی بە باشترین نرخی پێشکەشکراو لەلایەن کڕیارانەوە دەفرۆشێت، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی باشوور ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ دەبێتەوە، لە کاتێکدا بەشەکەی دیکەی هەناردە لە ڕێگەی دەروازەکانی وەک تورکیا و سووریاوە ئەنجام دەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP