هەرێم نیوز
ماڵپەڕی "ئەلحوڕە"ی ئەمەریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە ئاشکرای کردووە کە حکوومەتی عێراق ڕێگە نادات بەرپرسانی سەربازیی ئێران بە خواستی خۆیان هاتوچۆی وڵاتەکە بکەن، و هەر بەرپرسێکی سەربازیی بیانی سەردانی عێراق بکات، پێویستە بە فەرمی و بە ئاگاداریی دەوڵەت بێت.
مەرجەکانی بەغدا پاش ٣٠ـی تەمووز
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ شەممە ١٩ـی ئەیلوول، دەرکەوتووە کە حکوومەتی عێراق پێشنیازێکی ئامادە کردووە و بڕیارە پاش ٣٠ـی تەمووز کە وادەی کشانەوەی تەواوەتیی
هێزەکانی هاوپەیمانانە جێبەجێی بکات. بەپێی ئەو میکانیزمە نوێیە:
• هەر بەرپرس یان ڕاوێژکارێکی سەربازی سەردانی عێراق بکات، دەبێت لە کەناڵە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە بێت و داوای ڤیزە بکات.
•پێشوەختە دەبێت تەواوی خشتەی دیدارەکانی دیاری کرابن و لەگەڵ بەرپرسانی فەرمیی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کۆببێتەوە نەک بە شێوەی نافەرمی.
ئەم ڕێکارانە ئەگەرچی بە ناوی "بیانی" خراونەتەڕوو، بەڵام ئامانجی سەرەکی لێی کۆتاییهێنانە بە سەردانە نهێنی و ڕانەگەیەندراوەکانی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، کە بە ڕێگەی وشکانی دێن و دیداری تایبەت لەگەڵ سەرکردە شیعەکان ئەنجام دەدەن بێ ئەوەی کارنامەکەیان ئاشکرا بێت.
سەردانە ڕانەگەیەندراوەکانی قائانی و دزەکردنی پاسداران
ڕاپۆرتەکەی حوڕە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی لەوەتەی عەلی زەیدی بووەتە سەرۆک وەزیران، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلق قودسی سوپای پاسداران، ٣ جار سەردانی عێراقی کردووە کە دووانیان بە تەواوی نهێنی و ڕانەگەیەندراو بووە، لە یەکێکیشیاندا داوای لە گرووپە چەکدارەکان کردووە چەک ڕادەستی حکوومەت نەکەنەوە. هاوشێوەی سەردانەکانی قاسم سولەیمانی لە ڕابردوودا کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە بەغدا کوژرا.
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، لە هێرشەکانی سعوودیە و ئەمەریکا لە کۆتایی تەمووزی ڕابردوو بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، ٥ ئەندامی پاسداران کوژران کە یەکێکیان ڕاوێژکاری سەربازی بووە.
پەرچەکرداری میلیشیاکان و گرژییە ناوچەییەکان
مەعن جبووری، ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بۆ حوڕە ڕایگەیاندووە کە بە دووری دەزانێت حکوومەتی زەیدی بتوانێت ڕێگری لە هاتوچۆی بەرپرسانی سوپای پاسداران بکات، چونکە ڕووبەڕووی دژایەتیی توندی میلیشیاکان دەبێتەوە. جبووری پێشنیازی کردووە کە لە بری ڕێگریی ڕاستەوخۆ، هاتوچۆیان تەنیا لە ڕێگەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە سنووردار و کۆنترۆڵ بکرێت.
ئەم پرسە دوای هەفتەیەک دێت لە ئەنجامدانی هێرشێک لە پارێزگای میسانی باشووری عێراقەوە بۆ سەر بۆڕییەکی نەوتی سعوودیە؛ ڕیاز میلیشیاکانی عێراقی تۆمەتبار کرد، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، گومانی بەهێز لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە هەیە کە ئەندامانی پاسدارانی ئێران دزەیان کردبێتە شاری میسان و هێرشەکەیان لەوێوە ئاراستە کردبێت.