هەرێم نیوز
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت ڕێکەوتی ٣٠ی ئەیلوول وەک "مافێکی سەروەری" سەیر دەکرێت کە بنەما دادەنێت بۆ گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییەکان دەگۆڕدرێن بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بونیاد نراون.
کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق، عەبوودی ڕوونی کردەوە کە حکوومەت بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەوەش بەپێی ئەو خشتە کاتی و میکانیزمانەی پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕۆژە، دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی تەواوەتیی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی لە وڵاتدا.
توانای هێزە چەکدارەکان و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی
وتەبێژەکەی حکوومەت باسی لەوەش کرد کە دیاریکردنی ٣٠ی ئەیلوول پشت بە لێکتێگەیشتن و پابەندبوونە فەرمییەکان دەبەستێت و حکوومەتیش وەک "نەگۆڕێکی نیشتمانی" مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
وتیشی، عێراق لەم دۆسیەیەدا سەرجەم ئامرازە دەستووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، سەرباری ئەوەی کە دامەزراوەکان و هێزە چەکدارەکانی توانای بەڕێوەبردنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان هەیەک و هیچ گۆڕانکارییەک لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەتی عێراق بەسەر ئەم پرۆسەیەدا نایەت.
ڕاگەیاندنی "ڕۆژی سەروەری" و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبوودی ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، پرسی سەروەریی خستووەتە پێشەنگی کارەکانی. ڕوونیشی کردەوە کە "ڕۆژی سەروەری" ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا بڕیاری ئەمنی یەکدەخرێت و چەک تەنها بەدەست دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانەوە دەبێت.
ڕەخساندنی ژینگەی ئارام بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەی دەرەکی
لە کۆتاییدا، ناوبراو پەیوەندییەکی توندی لە نێوان سەروەری، سەقامگیری، و متمانەبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت خستەڕوو.
دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی عێراق کار دەکات بۆ بەکارهێنانی ئەم بنەمایانە بە مەبەستی ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی توانای عێراق بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیاکان و سەرمایەی دەرەکی، هەروەها دروستکردنی هاوبەشیی هاوسەنگ و بەرهەمدار.