هەرێم نیوز
حکومەتی عێراق ڕایگەیاند بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم سەردانەدا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەکات و وتارێک بەناوی عێراقەوە پێشکەش دەکات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی حکومەت ڕوونی کردەوە، تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن دەبێت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و پێشهاتە ئەمنیی و سیاسییەکانی ناوچەکە.