دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی لە سێکتەرەکانی وزە، تەندروستی و ڕێگەوبان پەسەند کرد

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی نوێی لە بوارەکانی نەوت، وزە، چاکسازیی دارایی، تەندروستی و ڕێگەوباندا پەسەند کرد، کە ئامانج لێیان ئاسانکاریی کارگێڕی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام داوە.

لە بواری نەوتدا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپاردەی تایبەت بە بەدەرکردنی گرێبەستە لاوەکییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی پەسەند کردووە بۆ ئاسانکاریکردن لە چالاکییەکان.

هاوکات بڕیار دراوە بە هەموارکردنەوەی بڕگەی (1/ئەلف) لە بڕیاری ژمارە (68)ـی ساڵی 2026ـی تایبەت بە پاڵپشتیی بەرهەمە نەوتییەکان، بە جۆرێک بڕی هەناردەی نەوتی ڕەشی بەرهەمهاتوو لە پاڵاوتنی ناوخۆیی (دوای دەرکردنی ئەو بڕەی بۆ وەزارەتی کارەبا تەرخان کراوە) دیاری کرا.

ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند، هەردوو وەزارەتی نەوت و کارەبا ڕاسپێردراون ڕاپۆرتێک لەسەر پێوەری ستانداردی وزە بۆ وێستگەکانی کارەبا ئامادە بکەن، و وەزارەتەکانی نەوت، پیشەسازی و کانزاکانیش لێکۆڵینەوە لە پێویستیی کەرتی پیشەسازی بۆ نەوتی ڕەش و توانای دابینکردنی دەکەن.

نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چوارچێوەی چاکسازیی دارایی و کارگێڕیدا، ڕاسپاردەکانی تایبەت بە پێدانی پشکی گەنجینەی گشتی لەلایەن کۆمپانیا گشتییەکان و فەرمانگەکانی خۆبژێوی پەسەند کراون، و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیش ڕاسپێردراوە لیستێکی ئەو پشکانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکات.

لە کەرتی تەندروستیشدا، دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی پلاندانان بۆ بەدەرکردنی ئەو کۆمپانیا و کارگانەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بەرهەم دەهێنن لە مەرجی پێشکەشکردنی لێهاتوویی دارایی، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دانانی ڕێوشوێنی تایبەت بە دابینکردنی دەرمان و ڤاکسین؛ ئەم بەدەرکردنەش ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای (کیمادیا) هەیە.

سەبارەت بە سەلامەتیی هاتووچۆش، ڕاسپاردەیەک بۆ دابینکردنی ئامێری هێڵکاریی ڕێگەوبانەکان پەسەند کرا و وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردرا تەندەرێکی گشتی ڕابگەیەنێت یان بانگهێشتی لانیکەم (5) کۆمپانیای پسپۆڕ بکات بەپێی مەرجەکانی دەزگای ناوەندیی ستاندارد و کۆنتڕۆڵی جۆری.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP