هەرێم نیوز
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە هەریەک لە عێراق، عومان، ئیسرائیل، و لوبنان هۆشداریی ئەمنییان دایە هاووڵاتییانیان و داوایان لێدەکەن زۆر وریابن، ئەمەش لە ناوەڕاستی پێشبینییەکان بۆ ئەگەری داخستنی ئاسمانی عێراق و ئیسرائیل بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
یەکشەممە، 20ـی 9ـی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق هۆشدارییەکی ئەمنیی دایە هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ئەگەری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکەوە.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، و تێیدا داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی لەو وڵاتە کرد زۆر وریابن بەهۆی ئەو گرژییە بەردەوامانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە ناوخۆی ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری داخستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە و سەپاندنی کۆمەڵێک کۆتوبەندی ئەمنی.
لە لایەکی دیکەشەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان داوای لە هاووڵاتییانی کرد، کە زۆر وریابن و هۆشیاریی ئەمنی بپارێزن وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە پێشهاتە خێراکان و هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.