دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ: ڕێگە نادەین پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد لە ئەمریکا ڕابگیرێت

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە ڕێگە نادات پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد لە وڵاتەکەیدا ڕابگیرێت و تیمێکی تایبەتیش بۆ چاودێریکردنی ئەو کەرتە پێکدەهێنێت، هاوکات ڕاپرسییەکیش بۆ گۆڕینی ناوی تەکنەلۆجیاکە دەخاتە ڕوو.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی 9ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروث سۆشیاڵ)ـەوە بەرپەرچی ڕەخنەگرانی ژیریی دەستکرد و سەنتەرەکانی داتای دایەوە و ڕایگەیاند، ڕێگە نادات ئەو پیشەسازییە لەناو ببرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، لیبراڵەکان دەیانەوێت کۆتایی بە ژیریی دەستکرد بهێنن، بەڵام ئەو وەک سەرۆکی ئەمریکا بێدەنگ نابێت و پاڵپشتی لە گەشەکردنی ئەو کەرتە دەکات. هەروەها ئاشکرای کرد کە سەرقاڵی پێکهێنانی تیمێکی تایبەتە بە ژیریی دەستکرد بۆ چاودێریکردنی کەمکوڕییەکان و بەمزوانەش هەماهەنگیکارێکی حکومی بۆ ئەو پرسە دیاری دەکات.

سەبارەت بە کێبڕکێی تەکنەلۆجی، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ناتوانێت لە بەرامبەر چیندا شکست بهێنێت و پێی وایە تاکە گرەنتی بۆ پاراستنی ئەم بوارە، بوونی سەرۆکێکی بەهێز و زیرەکە. 

لە پۆستێکی دیکەدا، ترەمپ پرسیاری لەبارەی گونجاویی زاراوەی (ژیریی دەستکرد) کردووە و سێ جێگرەوەی وەک (ژیریی باڵا، ژیریی لەڕادەبەدەر، و ژیریی هەرەبەرز)ـی لە شێوەی ڕاپرسییەکدا خستووەتە ڕوو بۆ ئەوەی خەڵک دەنگی لەسەر بدەن.

پابەندبوونی ترەمپ بە پێشخستنی ژیریی دەستکرد لە کاتێکدایە، کە بەشێک لە ئەمریکییەکان بەهۆی زۆریی بەکارهێنانی وزەوە دژی دروستکردنی سەنتەری داتان و هۆشداریش دەدرێت لە خێرا گەشەسەندنی ئەو تەکنەلۆجیایە و دەرچوونی لە کۆنتڕۆڵ.

هاوکات ئەم هەڵوێستانە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکادایە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا بەڕێوەبچێت، لە کاتێکدا بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و هەڵاوسانی ئابوورییەوە، ڕێژەی جەماوەریی ترەمپ نزم بووەتەوە و ئەگەری هەیە پارتی کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەدەست بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP