دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران: ئەمریکا ئەو کارانە دەخاتە پاڵ ئێران کە خۆی ئەنجامی داون

هەرێم نیوز

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا ئەو کردارانە دەخاتە پاڵ ئێران کە خودی واشنتن دەستپێشخەریی تێدا کردوون، و بە توندی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لەلایەن وتەبێژی کۆشکی سپییەوە ئاراستەی تاران کرابوون.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی 9ـی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X)، لە وەڵامی تۆمەتەکانی وتەبێژی کۆشکی سپی دژی تاران ڕایگەیاند، وتەبێژی کۆشکی سپی لیستێکی درێژی لە تۆمەت دژی ئێران خستووەتەڕوو. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێکی زۆری ئەو تۆمەتانە بە وردییەکی سەرسوڕهێنەرەوە باس لە هەمان ئەو کردەوانە دەکەن کە ئەمریکا خۆی دەستپێشخەریی بۆ کردوون، یاخود ئەنجامی داون و پشتیوانیی لێ کردوون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم ڕەتکردنەوە و ڕاکردنە لە ڕاستییەکان لەلایەن ئەمریکاوە جێگەی سەرسوڕمان نییە و پێی وایە ئەو لایەنانەی کردەوەی نەشیاو ئەنجام دەدەن، هەمیشە لە ڕاستییەکان هەڵدێن تەنانەت ئەگەر کەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکات. 

ئەم لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە زیادبووندان.

 هاوکات هەردوو لایەن یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستانەی کە لە ڕابردوودا لە نێوانیاندا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP