هەرێم نیوز
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، کە ئامادەن پێداویستییە سەربازییەکان بۆ سعوودیە دابین بکەن و کارەکانی دامەزراندنی بارەگای هاوبەشی سەربازیی (هاوپەیمانیی مەککە)ـش لە قۆناغی کۆتاییدایە، هاوکات هۆشداریش دەداتە ئیسرائیل و یۆنان سەبارەت بە سیاسەتەکانیان لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی 9ـی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، نیگەرانن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ژێرخان و سەروەریی خاکی سعوودیە و بەپێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوانیان بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنقەرە کێشەی نییە لە دابینکردنی هاوکاریی سەربازی و تەکنیکی بۆ ڕیاز، و پێداگریشی کرد کە نابێت سعوودیە بخرێتە ناو ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە کارەکانی دامەزراندنی سکرتاریەت و بارەگای سەربازیی هاوبەشی (هاوپەیمانیی مەککە) لە قۆناغی کۆتاییدان، کە دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریی دایە ئیسرائیل کە پێویستە سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای ئاشتی و ڕێزگرتن بێت، ئەگەرنا لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیر دەبێت.
سەبارەت بە یۆنانیش، جەختی لەوە کردەوە، کە بە هیچ جۆرێک چەکدارکردنی دوورگەکانی دەریای ئیجە قبووڵ ناکەن و ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرت کە بۆ مەرامی ناوخۆیی کێشەکان دەورووژێنن.
سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرایناش، هاکان فیدان ڕایگەیاند، گەیشتن بە ئەنجامی هەمیشەیی ئاڵۆزە، بەڵام پێشنیازێکیان ئاراستەی مۆسکۆ و کیێڤ کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییە دەریاییەکان لە دەریای ڕەش.
لەبارەی پەیوەندییە سەربازییەکانیشیان لەگەڵ ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، کە چەندین بیرۆکەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی (S-400) خراونەتەڕوو.
کڕینی سیستەمی بەرگریی (S-400)ـی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی گەورە لە نێوان ئەنقەرە و واشنتن.
هاوکات پرسی دەریای ئیجە مێژوویەکی درێژی لە ململانێی نێوان تورکیا و یۆنان هەیە و زوو زوو گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە دەورووژێنێت.
پێکهێنانی (هاوپەیمانیی مەککە)ـش وەک هەنگاوێکی نوێی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی سەیر دەکرێت کە تورکیا دەیەوێت ڕۆڵێکی سەرەکیی تێدا بگێڕێت.