هەرێم نیوز
وتەبێژی پارتی ڕایدەگەیەنێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت لادەچن و زەمینە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خۆش دەکرێت، هاوکات بوونی هەر دەستوەردانێکی دەرەکیش لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ڕەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، مەحموود محەممەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد، لە مێژە لە نێوان پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک پرس کراوە و تەنیا هەندێک ئاستەنگ مابوون.
ئەوەشی خستە ڕوو کە لەم ڕۆژانەدا گفتوگۆی جدییان لەسەر کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو ئاستەنگانەش لابچن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێنرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی نێوەندگیریی وڵاتان لە پرسە ناوخۆییەکاندا، وتەبێژی پارتی بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و وتی: "من ئاگام لەوە نییە کە وڵاتێک لە بابەتی پەیوەندیی پارتی و یەکێتیدا هەبێت." جەختیشی کردەوە کە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو حزبە هەرگیز نەپچڕاوە و بەردەوامیی هەبووە.
لەبارەی بەشداریکردنی لایەنەکانی دیکەش لە پرۆسەی سیاسی و حکوومەتدا، ناوبراو ڕوونیکردەوە کە ئەو پرسە دەمێنێتەوە سەر ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان هەردوو لایەنی سەرەکیدا دەکرێن، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا کە پارتی لە سەرەتاوە پێی خۆش بووە هەموو لایەنەکان پێکەوە بەشداری بکەن و شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.