دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشەوا هەورامانی: زەمینەیەکی زۆر باش بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ هاتووەتە ئاراوە

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا چەندین پرسی گرنگی وەک ڕەتکردنەوەی پشکی ١٢.٦٧٪ـی بودجە، گەرەنتیکردنی مووچە، چارەسەری قەیرانی بەنزین و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

لە دوای کۆبوونەوەکە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامەکانی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەتەواوی پشکی 12.67% لە بودجەی گشتیی فیدراڵی ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێچەوانەی ئەو سەرژمێرییەیە کە بەغدا خۆی ئەنجامی داوە، و پێویستە پشکی ڕاستەقینەی هەرێم 14% بێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوای کرد وەزیری پلاندانانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.

سەبارەت بە پرسی مووچەخۆران، وتەبێژی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا گەرەنتی بکرێت و لە هەموو کێشە سیاسییەکان جیا بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا کە لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن، بەمەش سەردەمی نۆرەگرتنی دوورودرێژ کۆتایی هاتووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی مژدەی لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی دا و ئاشکرای کرد کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە کۆبوونەتەوە و لێکنزیکبوونەوەیەکی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، کە زەمینەیەکی گونجاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دروست کردووە.

لەسەر پرسی قەیرانی سووتەمەنیش، ڕوونیکردەوە کە شاندی حکوومەت لە بەغدا کێشەی بەنزین لەگەڵ شاندی فیدراڵی تاوتوێ دەکات و داوای 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی زیاتر دەکەن، بەڵێنیشی دا کە کێشەکە کاتییە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.

هەروەها وەک بڕیارێکی نوێ بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، وتەبێژی حکوومەت ڕایگەیاند؛ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەکانی پەروەردە یان خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون و بە هەر هۆکارێک بێت وازیان لە کارەکانیان هێناوە، دەکرێت لە شوێنەکانیان کەسانی نوێ دابمەزرێن و جێگەکانیان پڕ بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP