هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەوڵی بەئامانجگرتنی مەککە دەکەین، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی شانشینەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییان و سەردانیکارانی ماڵی خودا.
پاراستنی ئاسایشی سعوودیە و ڕەتکردنەوەی دەستدرێژییەکان
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت دەکاتەوە، ئاسایش، سەقامگیری، سەروەری و سەلامەتیی خاکی سعوودیە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، هەر دەستدرێژییەکیش خاکی سعوودیە بکاتە ئامانج یان مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست بکات، ڕەتکراوە و سەرکۆنەکراوە.
پێگەی ئایینیی مەککە و مەترسیی هێرشەکان
ئاماژەی بەوەش دا، بەئامانجگرتنی مەککە بەهۆی ئەو پێگە ئایینی و ڕۆحییەی لای موسڵمانانی سەرتاسەری جیهان هەیەتی، پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە. ئەو هەوڵانە هەڕەشە لە پیرۆزیی شوێنەکان و سەلامەتیی میوانانی خودا دەکەن و پێویستییان بە سەرکۆنەیەکی ڕوون و یەکلاکەرەوە هەیە.
پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ شانشینی سعوودیە
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سعوودیە لە پاراستنی ئاسایش، سەروەری، سەلامەتیی هاووڵاتییان، دانیشتووان و میوانانی سعوودیە دەردەبڕێت. هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپات دەکاتەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و شوێنە پیرۆزەکان
لە کۆتاییدا فەرمانگەکە دووپاتی دەکاتەوە، نابێت ناکۆکییەکان ببنە بیانوو بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان، دامەزراوە مەدەنییەکان یان شوێنە پیرۆزەکان. ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، پیرۆزیی شوێنە ئایینییەکان و پاراستنی هاووڵاتییان دەبێت وەک بنەمایەکی نەگۆڕ بمێنێتەوە و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بکرێت.