هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری سوریا لە سەردانێکیدا بۆ کوبانێ و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئیدارەی شارەکە، داوای سزادانی بەرپرسانی ڕووداوەکەی زیندانی کوبانێی کرد کە تێیدا ٩ کەس بوونە قوربانی و ١٧ی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئیبراهیم موسلیم، بەڕێوەبەری ئیدارەی کوبانێ کۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی وردەکاریی ڕووداوەکەی زیندانی کوبانێ.
لە کۆبوونەوەکەدا مەزڵوم عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون و سەربەخۆ کردەوە بۆ سزادانی بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە زیندانییەکان ئەنجام دراون.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا ڕێکارە پێویستەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە تاوتوێ کرد.
لای خۆشییەوە، بەڕێوەبەری ئیدارەی کوبانێ جەختی لەسەر کاراکردنی ڕۆڵی دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوانیان کردەوە، بە مەبەستی پاراستنی دانیشتووان و مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.