دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری وزەی سعوودیە: 110 ملیۆن تۆن کانزای دەگمەن و یۆرانیۆممان دۆزیوەتەوە

هەرێم نیوز

جەنابی وەزیری وزەی سعوودیە ڕایدەگەیەنێت، لە ناوچەی مەدینە یەدەگێکی گەورەی بەردی خاو بە قەبارەی نزیکەی ١١٠ ملیۆن تۆن دۆزراوەتەوە کە دەوڵەمەندە بە کانزا دەگمەنەکان و یۆرانیۆم، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئەتۆمیی مەدەنی دادەنرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە لە میانی ٧٠یەمین کۆنگرەی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤیێنا ئاشکرای کرد، پشکنینە جیۆلۆجییەکان لە پڕۆژەی "کێوی سەعید" لە ناوچەی مەدینە، بوونی نزیکەی ١١٠ ملیۆن تۆن خامی کانزاییان پشتڕاست کردووەتەوە.

جەنابی وەزیری وزە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم یەدەگە خاوەنی خەستییەکی بەرزە لە کانزا دەگمەنەکان و ڕێژەیەکی ئومێدبەخش لە ماددەی یۆرانیۆم لەخۆ دەگرێت، کە بە گوتەی ئەو، دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پێگەکانی جیهان لەم بوارەدا. 

سەرباری ئەوەی وردەکاریی ڕێژەی پوختیی یۆرانیۆمەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی گەڕان و لێکۆڵینەوە بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆم وەک بەرهەمێکی لاوەکی بەردەوامە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە سعوودیە دەیەوێت پشتبەستنی ئابوورییەکەی بە نەوت و گازی سروشتی کەم بکاتەوە و هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی چڕ کردووەتەوە.

 ڕاگەیاندنی ئەم یەدەگە نوێیەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە ٣٠ ساڵەیەی کە لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا لە نێوان ڕیاز و واشنتن بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنی و پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی سعوودیەدا واژۆ کرا.

لە چوارچێوەی دیدگای ئابووریی سعوودیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی کانزاکاری، کۆمپانیای مەعادنی سعوودی لەگەڵ کۆمپانیای ئێم پی مەتێریاڵزی ئەمریکی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ دروستکردنی ژێرخانی پاڵاوتن و جیاکردنەوەی کانزا دەگمەنەکان دەست پێکردووە، هاوکات ڕێککەوتنی بازرگانیی گەورەشی لەگەڵ وڵاتانی وەک کەنەدا واژۆ کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP