دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پەکین ڕەتیدەکاتەوە زانیاریی هەواڵگریی بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا دابێتە ئێران

هەرێم نیوز

پەکین بە توندی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە لایەنە چینییەکان وێنەی مانگە دەستکردەکانیان داوەتە تاران بۆ بەئامانجگرتنی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن، هاوکات سەرۆکی ئەمریکاش گرنگیی بەو دەنگۆیانە نادات و دەڵێت "ئێمەش سیخوڕییان بەسەرەوە دەکەین".

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، گوۆ جیاکون لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە هاوکاریکردنی تاران دەکەن لە ڕێگەی پێدانی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە، هیچ بنەمایەکیان نییە.

 جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان بە توندی ئەو گومان و تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە کە پشتیان بە هیچ بەڵگەیەک نەبەستووە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی "ۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، لایەنە چینییەکان پێش و پاش هێرشە مووشەکییەکەی 17ـی تەممووزی ڕابردوو، وێنەی بنکەی ئاسمانیی (موەفەق سەڵتی)ـیان لە ئوردن داوەتە ئێران، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراوە و بەهۆی هێرشەکەشەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران. 

لە ڕاپۆرتەکەدا، بەرپرسانی ئەمریکا ناوی ئەو لایەنە چینییانەیان نەهێناوە و پەکینیشیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تۆمەتبار نەکردووە.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرنگیی بەم ڕاپۆرتانە نەدا، کە ڕەنگە پێش سەردانە فەرمییەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ کۆشکی سپی لە 24ـی ئەیلوول، گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین زیاتر بکەن.

 ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "کاتێک دەڵێن چین سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکات، دەڵێم ئەوان ڕاست دەکەن، چونکە ئێمەش سیخوڕی بەسەر ئەوانەوە دەکەین. 

ئەوان لە بنەڕەتدا هەمان ئەو کارە دەکەن کە ئێمە دەیکەین."

جێی باسە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دابووە پەکین لە فرۆشتنی چەک بە ئێران، هەروەها لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، واشنتن سزای بەسەر سێ کۆمپانیای چینیی تایبەت بە مانگە دەستکردەکاندا سەپاند، بەهۆی ڕۆڵیان لە پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران.

 ڕۆژنامە ئەمریکییەکەش ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی چین داوای بەڵگەیان لە ئەمریکییەکان کردووە و ڕەتیان کردووەتەوە کە هیچ لایەنێکی وڵاتەکەیان تێوەگلابێت لە پێدانی ئەو وێنانە بە ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP