هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، بەهۆی کەمیی نەختینە و تەرخانکراوە داراییەکانەوە، پێدانی سەرجەم جۆرەکانی قەرز و پێشینە لە زۆربەی بانکە حکومییەکانی عێراق ڕاگیراوە، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە کە پێدانی قەرز و پێشینەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە لە زۆربەی بانکە حکومییەکاندا ڕاگیراوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم هەنگاوەشی بۆ کەمیی تەرخانکراوە داراییەکان و نەبوونی نەختینەی پێویست لەو بانکانەدا گەڕاندووەتەوە.
سەرچاوەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کەمبوونەوەی قەبارەی پارەی دانراو (سپاردەکان) لەلایەن هاووڵاتییانەوە و دابەزینی ئاستی نەختینە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر توانای بانکە حکومییەکان.
ئەم ڕاگرتنەش تەنیا قەرزە بچووکەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو قەرزەکانی وەبەرهێنانیش دەگرێتەوە کە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژە و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان لە بەغدا و پارێزگاکان تەرخان کراون.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کەمبوونەوەیەی نەختینەی بانکی، توانای بانکەکانی سنووردار کردووە لە بەردەوامبوون لە پارەدارکردنی چالاکییە جیاوازەکان، و پێدەچێت ڕەنگدانەوەی نەرێنیی گەورەی هەبێت لەسەر جووڵەی پارەدارکردن و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و گەشەپێدان لە سەرتاسەری وڵاتدا.