هەرێم نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە بەئامانجگرتنی کەشتییەکی سووتەمەنی لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوەکە لەلایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە بووە و هیچ زیانێکی گیانی و ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی جۆری "کۆگا" کە تایبەتە بە هەڵگرتنی بەرهەمی زەیتی سووتەمەنی (نەوتی ڕەش) و لەلایەن کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراقییەوە بەکرێ گیراوە، لە کاتی بوونیدا لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق لەلایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە پێکراوە.
ڕوونیشیکردووەتەوە کە ڕووداوەکە تەنیا بووەتە هۆی زیانێکی کەمی ماددی لە دیواری کەشتییەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی نەوت جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لەنێو تیمی کەشتییەکەدا لێ نەکەوتووەتەوە، هەروەها نەبووەتە هۆی دزەکردنی هیچ بڕێک لە بارەکەی بۆ ناو ئاوەکە و کێشەی ژینگەیی دروست نەکردووە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕووداوەکە دەکەن و لێکۆڵینەوەی چڕیان دەست پێکردووە بۆ دیاریکردن و ئاشکراکردنی سەرچاوەی پێکاندنەکە و هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکە.