دواین هەواڵ

عێراق‌

 50 خولەک پێش ئێستا

چوارچێوەی هەماهەنگی لە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک دەکشێتەوە؛ گفتوگۆی بردنی چەکەکان بۆ ئێران دەکرێت

هەرێم نیوز

چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیاندا، خۆیان لە باسکردنی دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە پاراست، لەکاتێکدا سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن کە گفتوگۆی جدی هەیە بۆ گواستنەوە و هەڵگرتنی چەکی ئەو گرووپانە لەناو خاکی ئێراندا.

تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و کارکردنی لیژنەکان
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، تاوتوێی پرسی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، یاسای نەوت و غاز، و دادگای فیدراڵی کراوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە پرسی چەک نەکراوە. هەروەها جەخت لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەت و ڕێکخستنی کاری ناوخۆیی چوارچێوەکە کراوەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)یان ڕاگەیاندووە، ئەو سێ لیژنەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی چەک پێکیهێناون، پێیان باشە دوور لە ڕاگەیەندراو و وروژاندنی میدیایی کارەکانیان بکەن.

لە بەرامبەردا، سێ گرووپی سەرەکی (کەتائیبی حزبوڵا، نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا) چەندین جار ڕەتیانکردووەتەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و داوای گرەنتی دەکەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و گۆشەگیریی سیاسی نەبنەوە.

گواستنەوەی چەک بۆ ئێران و مەرجەکانی گرووپە چەکدارەکان
سەبارەت بە گواستنەوەی چەکەکان بۆ ئێران، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی زۆری ئەو چەکانە، بەتایبەت چەکە مەودا درێژەکان، لە بنەڕەتدا لە ئێرانەوە هێنراون بۆیە بیر لەو هەنگاوە دەکرێتەوە.

لە بەرامبەریشدا گرووپە چەکدارەکان چەند "مەرجێکی
قورس و جێبەجێنەکراو"یان بۆ ڕادەستکردنی چەک داناوە، لەوانە:
• چوونەدەرەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق.
•کشانەوەی هێزەکانی تورکیا.
•دەرکردنی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە خاکی عێراق.

هەڵوێستی ڕەوتی حیکمە لەسەر پرسی چەک
لای خۆیەوە، حوسام حوسەینی، وتەبێژی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاندووە: "ئەو داواکارییانە بەو مانایە مەرج نین، بەڵکو دەبێت لێکتێگەیشتن لەنێوان گێڕانەوەی هەردوو لادا هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی چەک."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی تا گرژییە میدیاییەکان کۆتاییان نەیەت و ئامانجگرتنەکان نەوەستن، دەست بە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک ناکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP