دواین هەواڵ

عێراق‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکیان تاوتوێ کرد

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایەق زێدان، پێشوازی لە کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ستیڤن ڤاگن کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پشتیوانیی دادگا بۆ ڕێکارەکانی حکومەت کە ئامانج لێی قەتیسکردنی چەکە بەدەست دەوڵەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی 9ـی 2026، ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، دادوەر فایەق زێدان چاوی بە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ستیڤن ڤاگن کەوتووە. 

لە دیدارەکەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی ڕێکارەکانی دادگای عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی حکومەت بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەی قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە کراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم ڕێکارانە بەپێی پلانێکی تۆکمە دەبن کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕێگەی لیژنەیەکی سەر بە خۆیەوە گرتوویەتەبەر، کە لە ئێستادا ئەرکی ئامادەکردنی ئەم پلانە و وردەکارییەکانی لەئەستۆدایە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕاگەیاندنی هەر کاتێک تەواو بوو و لە کاتی گونجاودا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی ئەم هەنگاوانە کراوەتەوە بە جۆرێک کە پابەندبوونی عێراق بە بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەرێنییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدی بهێنێت، سەرباری سووربوونی تەواو لەسەر جێبەجێکردنی حوکمەکانی دەستوور و یاسا بە شێوەیەک کە سەقامگیریی وڵات دەستەبەر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP