دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەرجەکانی ئێران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا دەبێت

هەرێم نیوز

سەردار موحبی، بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایدەگەیەنێت، گەیشتوونەتە ئاستێک کە ئەگەر دوژمن دوو ئامانجیان بپێکێت، ئەوان بە لێدانی ٢٠ ئامانج وەڵامیان دەدەنەوە، هاوکات چەند مەرجێکیشی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، سەردار موحبی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ڕاستە جەنگی سەپێندراو لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان لە قۆناغگەلێکدا کۆتایی هاتووە، بەڵام جەوهەری جەنگەکە هێشتا بەردەوامە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم جەنگە بۆ یەکەمجار زیانی ستراتیژیی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گواستووەتەوە بۆ ناوخۆی ئەمریکا و کاریگەریی لەسەر هاوکێشە ئەمنیی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موحبی مەرجەکانی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە خستە ڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر دوژمن دەیەوێت ئەم دۆخە کۆتایی بێت، دەبێت بە تەواوی جەنگ بوەستێنێت و واز لە هەڕەشەکردن بهێنێت. 

هەروەها داوای کرد سوپای ئیسرائیل لە لوبنان بکشێتەوە، گەمارۆی سەر یەمەن کۆتایی پێ بێت، ٢٤ ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران ئازاد بکرێت و دەستوەردان لە توانای ئەتۆمی و مووشەکیی وڵاتەکەی ڕابگیرێت.

لە کۆتاییدا هۆشداریی توندی دا و ڕایگەیاند: "گەیشتووینەتە قۆناغێک کە ئەگەر دوژمن دوو یان سێ ئامانجمان بپێکێت، ئێمە بە لێدانی ٢٠ ئامانج وەڵامێکی توندیان دەدەینەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP